موکوریان هه‌میشه زێد و نیشتمانی شاعیران و هونه‌رمه‌ندانی گه‌وره بووه. حه‌سه‌ن زیره‌کیش له‌و مه‌ڵبه‌نده چاوی به جیهان پشکوتووه. له‌رۆژی ٢٩ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٢١ی زاینی و ساڵی ١٣٠٠ ی هه‌تاوی له دایک بووه. دیاره شوێنی له دایکبوونی زۆر روون نییه، هێندێک له‌و که‌سانه‌ی که ئاگایان له ڕابردووی ناوبراو هه‌یه ده‌ڵێن له بۆکان له دایک بووه و زۆر که‌سیش له‌وانه‌ی که له نزیکه‌وه ده‌یناسن، گوندی "هه‌رمێله" که له نێوان شاری سه‌قز و بۆکان هه‌ڵکه‌وتووه به شوێنی له دایکبوونی ده‌زانن.
باوکی ناوی عه‌بدوڵایه و دایکی ئامینی ناو بووه. باوکی له لای خانانی ئاغای گوندی هه‌رمێله کاری کردووه، له به‌ر لێهاتووی به زیره‌ک ناوی ده‌رکردووه. ناوبراو جگه له حه‌سه‌ن دوو کوڕی دیکه‌ی به ناوه‌کانی حوسێن و مینه]] هه‌بووه. لە تەمەنی ژێر دە ساڵیدا لەگەڵ چەن‌کەس لە دەنگ‌خۆشانی بۆکان لە شاییەکانی ناو شار و گوندەکانی بۆکان گۆرانی وتووەتوە. لە حەوت و ھەشت ساڵیدا بەردەستی مسگەری و قاوەچییەتی دەکاو ھەروەھا خزمەتی ماڵە دەوڵەمەندەکانی بۆکان کردووە. حه‌سه‌ن منداڵ ده‌بێ که باوکی ده‌مرێ (تەمەنی ١١ ساڵان دەبێ کە باوکی کۆچی دوایی دەکات). به دوای مردنی باوکی‌دا بنه‌ماڵه‌که‌یان له دێ بار ده‌کا و ده‌چنه شاری سه‌قز. پاشان دایکی حه‌سه‌ن شوو ده‌کاته‌وه و حه‌سه‌ن زیاتر نازی لێ ده‌شێوێ. زیرەک و خوشک و براکانی دەکەونە ژیانێکی پڕ لە سەخڵەتی جیا لە یەک. له ته‌مه‌نی ١٢ ساڵی دا ده‌گه‌ڕێته‌وه هه‌رمێله و له لای خانان ئاغای ئه‌و دێیه به کارکه‌ر داده‌مه‌زرێته‌وه و بۆ درێژەی ژیانی دەست دەکا بە قاوەچییەتی و چاوساخی و بەردەستی ئاغاواتەکان.
هه‌ر له‌و ته‌مه‌نه‌دا ده‌نگه خۆشه‌که‌ی سه‌رنجی خه‌ڵکی ئه‌و دێیه بۆ لای خۆی راده‌کێشێ و هه‌موو هه‌وڵی ئه‌ویان ده‌بێ حه‌سه‌ن له ده‌نگه خۆشه‌که‌ی بێ به‌شیان نه‌کا. که خانان ده‌بینێ حه‌سه‌ن ده‌نگی ئاوا خۆشه، هه‌ر چه‌ند مه‌یته‌ریشی بووه، ئه‌مجار زیاتر بایه‌خ به حه‌سه‌ن ده‌دا و ڕێگا ده‌دا زیره‌ک بێته دیوه‌خان و به گۆرانییه‌کانی کۆڕی میوانانی خان بڕازێنێته‌وه. له‌و لاشه‌وه حه‌سه‌نی مێرمنداڵ و ده‌نگ خۆش بۆ شه‌و داوه‌ت و ڕه‌شبه‌ڵه‌کی کوڕان و کچانی دێ، خۆ ده‌کوتێ و به‌زمی شه‌وانه‌یان خۆش ده‌کا.
دوای ساڵێک هه‌رمێله و لای خانان به جێ دێڵێ و روو ده‌کاته شاره‌کان، به شاگرد که‌بابچیه‌تی و ورده کاری دیکه ژیان ده‌باته سه‌رێ. ساڵی 1320 دیسان دێته‌وه هه‌رمێله و وه‌ک تفه‌نگچی له ماڵی خانان داده‌مه‌رزێ، پاشان به‌ینی له گه‌ڵ ناوبراو تێکده‌چێ و واز له تفه‌نگچیه‌تی و ئازار و ئه‌زیه‌تی خه‌ڵک له پێناو ئاغادا دێنێ، ده‌چێته سه‌قز و ده‌بێته شاگرد شۆفێری مینه خانی ئه‌رده‌ڵان و له نێوان سه‌قز و بانه‌دا ده‌ست به کار ده‌کا.
ڕۆژێک له ڕۆژان کوڕه جه‌حێڵه‌یه‌کی گوندی قوڕه‌ده‌رێ به ناوی مه‌حموود نارنج، ده‌که‌وێته به‌ر ماشێنه‌که‌ی و ده‌کوژرێ. له‌ترسان سه‌ری خۆی هه‌ڵده‌گرێ و یاڵ به یاڵ، گوند به گوند و شار به شار ده‌گه‌ڕێ تا له وڵاتی باشووری کورستان ده‌گرسێته‌وه. به‌ره به‌ره حه‌سه‌ن ده‌گاته وڵاتی عێراق و شاری به‌غدا و له‌وێ به هۆی چه‌ند که‌سێک له میوانخانه‌ی "شومال الکه‌بیر" داده‌مه‌زرێ. ئاشکرایه که هه‌ستی هونه‌ری و ده‌نگخۆشییه‌که‌ی لێره‌شدا له سینگ و گه‌روویدا به‌ند نابێ، که ئه‌و به‌هره هونه‌رییه و ئه‌و چریکه به جۆشه‌ی تێدا به‌دی ده‌کرێ، ناسیاوانی وه‌ک مامۆستا عه‌لی مه‌ردان له ساڵی ١٩۵٣ی زایینی ده‌یبه‌نه به‌شی کوردی رادیۆ به‌غدا بۆ یەکەم جار دەنگی لە رادیۆی کوردی بەغداد ده‌بیسترێ و به‌م جۆره مه‌یدانێکی باش بۆ خۆ نواندنی گۆرانیبێژی لاو په‌یدا ده‌بێ و ئه‌مجار ده‌نگی زیره‌ک به سه‌ر شه‌پۆله رادیۆییه‌کاندا سنووره‌کان ده‌بڕێ.
حه‌سه‌ن زیره‌ک له ماوه‌ی مانه‌وه‌ی له به‌غدا ده‌یان گۆرانی تۆمار ده‌کا، ئه‌م گۆرانییانه ناو و ئاوازه‌ی زیره‌ک به کوردستاندا بڵاو ده‌که‌نه‌وه و ده‌یکه‌نه ناسیاو و خۆشه‌ویستی گه‌له‌که‌ی. زیره‌کی گۆرانیبێژ له ماوه‌ی نزیک به ده‌ساڵ مانه‌وه له عێراقدا ده‌بێته دۆست و ئاشنای زۆر هونه‌رمه‌ند و گۆرانیبێژی به‌ناوبانگی کورد، له ئه‌زموون و ڕێنوێنییه‌کانیان که‌ڵک وه‌رده‌گرێ و سرنجیان بۆ لای مایه به‌هره هونه‌رییه که‌م وێنه‌که‌ی خۆی ڕاده‌کێشێ.
له ١۴ی گەلاوێژی ١٩۵٨ گەڕاوەتەوە بۆ ئێران، له ئێران ده‌توانێ خۆی بگه‌یه‌نێته ڕادیۆی شاره‌کانی تاران، کرماشان و ته‌ورێز و له‌وێوه ده‌نگ و گۆرانییه‌کانی به گوێی هۆگرانی ده‌نگه‌که‌ی بگه‌یه‌نێ. هه‌ر له‌و ساڵه‌دا له ڕادیۆی تاران له‌گه‌ڵ مێدیای زەندی ده‌بێته ناسیاو و پێکه‌وه ژیانی هاوبه‌ش پێک دێنن که ئاکامی ئه‌و ژیانه دوو منداڵ به ناوه‌کانی ساکار و ئاره‌زوو ده‌بێ. ساڵی ١٣۴٧ی هه‌تاوی حه‌سه‌ن زیره‌ک ماڵه‌که‌ی دێنێته شاری بانه و له‌وێ له کانی مه‌لا ئه‌حمه‌د چایخانه‌یه‌ک داده‌مه‌زرێنێ، دیاره شان به شانی ئه‌وه کاره‌ش له گۆرانی کوتن و کاری هونه‌ری ناوه‌ستێ و له به‌زم و شادی خه‌ڵکدا به‌شداری ده‌کا و به بۆنه‌ی جۆراوجۆره‌وه گۆرانی تۆمار ده‌کا. پاشان ده‌چێته شاری مه‌هاباد و له دواکاته‌کانی ژیانیشیدا ده‌چێته شاری شنۆیه. له شاری شنۆ به کار و کاسپی ژیان تێپه‌ڕ ده‌کا. لە ساڵانی ١٩۶٠ – ١٩۶١ لە شاری سلێمانی لە تیپی شانۆیھونەرەجوانەکان لەگەڵ سێوەخان و رەشۆڵ عەبدوڵڵا لە شانۆنامەکانی «بوکی ژێر دەواری رەش» و «خەسوو یان ئەژدیھا» و «تەڕپیر» بەشداری کردووە. لە نێوان ساڵانی ١٩۶٧ – ١٩۶٨ لە شاری سەقز ھۆتێلی سێ ئەستێرەی ھەبووە کە بۆخۆی لەوێ گۆرانی گوتووە.
حەسەن زیرەک ئەگەرچی لە بنەماڵەیەکی ھەژار بوو و لە خوێندن بێ‌بەش بەڵام توانی بە دەنگە ناسکەکەی خۆی ببێتە ئاوازێ لە گوێی ھەموو کوردێکدا بزرەنگێتەوە. حەسەن زیرەک لە ژیاندا ئازاری زۆری کێشا.
زیره‌ک شاڕه‌زاییه‌کی تایبه‌تی له گوتنی گۆرانییه جۆربه‌جۆره‌کاندا هه‌بووه. جاری وایه گۆرانیه‌ک ده‌ڵێ که سێ هه‌وای تێدایه، به هاسانی هه‌واکان ده‌گۆڕێ و دێته‌وه سه‌ر هه‌مان هه‌وای هه‌وه‌ڵی وه‌ک (نازداری بێ به‌هانه). کاتێک حه‌سه‌ن ده‌نگ هه‌ڵدێنێ و تێهه‌ڵده‌کاتێ، ده‌نگێکی به‌جۆش و له دڵان خۆش پڕ به گه‌روو له سینگیه‌وه هه‌ڵده‌ستێ و شه‌پۆله‌کانی هه‌وا ده‌بڕێ. وشه‌کان گیان ده‌گرن و مانای ڕاسته‌قینه‌وه خۆیان به ده‌سته‌وه ده‌ده‌ن. هه‌ستێکی ده‌روونی چ شاد و چ خه‌مین که پاڵی به گۆرانیبێژه‌وه ناوه چریکه‌ی بێ و بۆ گوێگر به هاسانی ده‌ناسرێته‌وه. ئه‌وه‌ش نیشانه‌ی ڕه‌سه‌نایه‌تی هونه‌رمه‌ند و به‌هره هونه‌ریه‌که‌یه‌تی، گۆرانیبێژ ئه‌گه‌ر خۆش و شادی له دڵیدا په‌نگ نه‌خواته‌وه ناتوانێ گۆرانییه‌کی شاد پێشکه‌ش بکات و ئه‌گه‌ر ئۆف و ژان جه‌رگ و هه‌ناوی ئه‌نج ئه‌نج نه‌کردبێ، ناتوانێ گۆرانییه‌کی سه‌رکه‌وتووی غه‌مگین بڵێ. هونه‌رمه‌ند ئه‌گه‌ر به پێچه‌وانه‌ی باره ده‌روونیه‌که‌ی بجوڵێته‌وه ئه‌وه له‌گه‌ڵ هه‌ستی خۆی درۆی کردووه، به‌رهه‌مێکی باش و سه‌رکه‌وتووی نابێ.
حه‌سه‌ن زیره‌ک ئه‌و بار و حاڵه‌ته ده‌روونیه‌ی بۆ گوتن و ده‌نگ هه‌ڵبڕین پاڵی پێوه‌ناوه بۆیه که خه‌مباره گۆرانییه‌کانیشی بۆنی بۆسۆی هه‌ناوی و هه‌ڵقرچانی جه‌رگی و شێوه‌ی فرمێستکه‌کانی پێوه‌دیاره، که شادیشه و به شادی و خۆشی ده‌ستی بۆ بناگوێی بردووه، گه‌وره و چووکه و ژن و پیاو، منداڵ و لاو ته‌نانه‌ت تۆبه‌کاره‌کانیش تۆبه‌یان شکاندووه و تێکه‌ڵی شایی و شادی و به‌زم و هه‌ڵپه‌ڕێکه‌ی زیره‌ک بوون .
هۆیه‌کی دیکه‌ی خۆشه‌ویستی حه‌سه‌ن زیره‌ک ساده‌و ساکاربوونیه‌تی، ئه‌و له بنه‌ماڵه‌یه‌کی هه‌ژار و ده‌ست ڕه‌نگینی لادێ چاوی کراوه‌ته‌وه و دایک و باوکی خۆی به ڕه‌ش و رووتی دیوه، به کارکه‌ری له ماڵان‌دا باوی شان و پیلی خۆش بووه، که گه‌وره‌ش بووه فێر نه‌بووه ڕابردووی خۆی له بیر به‌رێته‌وه و هه‌وایه‌کی دیکه‌ی بێته که‌له‌ی، وه‌ک چۆن له منداڵی‌دا به‌و په‌ڕی خۆشی و ڕه‌زامه‌ندی شه‌و و شه‌و داوه‌تی نێو خۆڵه‌پۆتێی نێو دێی هه‌رمێله‌ی بۆ کوڕ و کچه ڕه‌نگ زه‌رده‌کانی وه‌ک خۆی گه‌رم داهێناوه، دواتریش که ئاوازه‌ی هونه‌ریه‌که‌ی ئێران و ئێراقی داگرتووه، فه‌رقی به دیوه‌خانی ئاخا و گوێی ته‌ندووری پاڵه و سه‌پانی لادێی نه‌کردووه. ته‌نانه‌ت ماڵه قورماویه‌کان و ده‌ست و په‌نجه قڵه‌شیوه‌کانی زۆرتر به خۆمانه زانییه‌وه و مه‌لی هونه‌ری لێره‌دا خۆشتر فڕیوه . بۆیه کاتێک شادی و هه‌ڵپه‌ڕکێیه‌کی به دی کردووه، بێ ئه‌وه‌ی ڕه‌سمه‌ن لێیان گێڕابێته‌وه خۆی لێ نزیک کردووه‌ته‌وه و بۆ دڵخۆشی خه‌ڵکه‌که گۆرانی کوتووه. ڕێ نه‌که‌وه‌تووه که‌سێ داوای گۆرانی لێ کردبێ دڵی شکاندبێ و ویسته‌که‌ی به جێ نه‌هێنابێ.
حه‌سه‌ن زیره‌ک دۆست و برا نزیکه‌کانی خۆشی زۆرتر له نێو خه‌ڵکی ئاسایی‌دا هه‌ڵبژاردووه، با ئه‌وه‌ش بڵێین که به‌شی زۆر ژیانی خۆی به کار و کاسپی و ڕه‌نجدان بردووه‌ته سه‌ر، شاگرد شۆفیری کردووه له هۆتێل و قاوه‌خانه‌کاندا به‌رده‌ستچی بووه، دووکان و چایخانه‌ی هه‌بووه، ئیدی نه‌یویستووه هونه‌ره‌که‌ی ته‌نیا سه‌رچاوه‌ی داهاتی ژیانی بێ. ئه‌م کار و تێکۆشانه‌ش له خه‌ڵک و ده‌رد و ژان و هه‌ست و ئازاره‌کانیان نزیکی کردووه‌ته‌وه .
بێگومان یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی گۆرانییه‌کانی حه‌سه‌ن زیره‌کی نه‌مر، پشت به‌ستنی به گۆرانی فۆلکلۆرییه. ڕه‌نگه ئێمه‌ی ئاسایی و ته‌نانه‌ت گۆرانیبێژێکیش به زه‌حمه‌ت بتوانێ ناوی سه‌دان گۆرانی فۆلکلۆری کوردی فێر بین، که‌چی حه‌سه‌ن زیره‌ک نه‌ک هه‌ر ناوی سه‌دان، هیچ به‌ڵکوو ناوی هه‌زاران گۆرانی کوردی ده‌زانێ و هه‌ڵبه‌ست و به‌نده‌کانیشی فێر بووه، هه‌روه‌ها ئاهه‌نگه‌که‌شی ده‌زانین و ده‌نگ و زه‌قی خۆی کرده خوێنێکی تازه بۆ بووژانه‌وه و گیانی پێدان. دیاره ئه‌م زانینه، جگه له‌و ئیلاقه و ئۆگرییه‌ی حه‌سه‌ن زیره‌ک به گۆرانی کوردی سه‌رچاوه ده‌گرێ به‌رهه‌می گه‌ڕانی حه‌سه‌ن زیره‌ک به سه‌دان دێ و ده‌یان شاری کوردستاندایه .
زیره‌کی گۆرانیبێژ، چاوی به زۆر ناوچه و مه‌ڵبه‌ندی کورستان کوتووه، لێیان ماوه‌ته‌وه، له خه‌ڵکه‌که‌ی میوان بووه و هه‌ڵسان و دانیشتنی له‌گه‌ڵیان بووه و له‌گه‌ڵ شێوه‌ی ژیانیان و جڵوبه‌رگ و هه‌ڵسوکه‌تیان ئاشنا بووه. ئه‌و گۆرانییانه‌ی له خه‌ڵکه‌وه بیستوویه، فیر بووه. ئه‌گه‌ر له لایه‌ک فێربوونی ئه‌م گۆرانییانه حه‌سه‌ن زیره‌کیان له به‌ره‌وپێشچوون له گۆرانیبێژیدا یارمه‌تی داوه، له لایه‌کی دیکه‌ش دیتنی سروشتی دڵگر و جوانی ناوچه جۆربه‌جۆره‌کانی کوردستان و دیمه‌نه ڕه‌نگاو ڕه‌نگه‌کانی ژیانی خه‌ڵکه‌که له لای زیره‌ک بوونه‌ته هه‌وێنی گۆرانی. ئه‌و دیویه‌تی که خێڵ به‌ره‌وژوور بووه‌ته‌وه، کیژانی دیتووه که بۆ کارگ و ڕێواسان روویان له مێرگۆڵان کردووه، خاڵۆی جوتیاری دیوه که به گشت ناخی زه‌ویدا ڕۆچووه و بژیوی خۆی لێ په‌یدا کردووه. بێری شه‌نگ و شۆخی دیوه که کوڵمه سووره‌کانی له ڕێگای بێر و هاوێردا تاوه‌سووت بووه. له ئازاره‌کانی ژنی گوله‌ی مێردان و کچی نابه‌دڵ به شوودراو تێگیشتووه، ده‌ردی ئه‌وه لاوه‌ی بۆ ئیجبارییان بردووه و ده‌زگیرانه‌که‌ی به‌جێ هێشتووه، زانیوه. مه‌رقه‌دی کاکه جانی سه‌هۆڵان و پیری بورهان و کاکه ئه‌حمه‌دی سولێمانی دیوه که ڕۆژانی جێژن لاوه‌کان ده‌ستیان له کێلی وه‌رهێناوه و بۆ نیازی دڵی خۆیان لێیان پاڕاونه‌ته‌وه، به لایه لایه‌ی ژنی کوردی بۆ کۆرپه‌که‌ی گوێی زرینگاوه‌ته‌وه. که‌وی به‌فری نیساران و دنووکی سووری که‌وێ، هاتووچووی ده‌سته کچی لادێ به ڕێگای کانی و کارێزێدا نم نمی بارانی به‌هاران و خۆڕه‌ی ئاوی گاده‌ر و بۆنی مێخه‌کبه‌ند و شه‌مامه‌ی چوار بێستانی هه‌موو ڕۆژێک له ژیانی خۆیدا به‌ره‌ورووی بوونه‌وته‌وه. بۆیه کاتێک گۆرانی ده‌ڵێ، هه‌موو لایه‌ک به هی خۆیانی ده‌زانن، ئه‌وه‌ی غه‌ریب ماوه‌ته‌وه له تاران، ئه‌وه‌ی به ڕێبواری عاشق بووه، ئه‌و پیره‌ی له سه‌ره‌مه‌رگ دایه و فه‌سڵی ئه‌وه‌ی هاتووه بیبه‌ن بۆ سه‌ر قه‌برێ و به کورتی هه‌ر که‌سێکی پێی له دونیای دڵداری و ژوان و خۆشه‌ویستی و بێمورادی و ماچ و شه‌و ڕامووسان نابێ، ته‌زووی به له‌شیدا دێ. چریکه‌ی زیره‌ک به هاوار و ناڵه‌ی خۆی زانیوه. له پاداشی ئه‌و خۆماندووبه‌نه‌دا ناچارین بڵێین ده‌ک هه‌زار ڕه‌حمه‌ت له گۆڕت بێ .
حه‌سه‌ن زیره‌ک له‌گه‌ڵ زۆر گۆرانیبێژی کورد گۆرانی گوتووه، بۆ نموونه ده‌توانین محه‌ممه‌دی ماملێ ، مه‌لا حسێنی عه‌بدوڵڵازاده]]، عوسمان بۆکانی و ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ ناوبه‌رین. گۆرانی "ماڵی بابم بێ وه‌فا" یه‌کێک له‌و گۆرانییانه‌یه که حه‌سه‌ن زیره‌ک، محه‌ممه‌دی ماملێ و مه‌لا حسێنی عه‌بدولازاده، ساڵی ١٣٣٨ی هه‌تاوی پێکه‌وه به یارمه‌تی تیپی موسیقای کرماشان تۆماریان کردووه. "به‌رهه‌ڵبێنه" و "هه‌واره، گوڵم هه‌واره" دوو گۆرانی دیکه‌ن که زیره‌ک و محه‌ممه‌دی ماملێ پێکه‌ویان کوتوون .
حه‌سه‌ن زیره‌ک گۆرانی فارسی و تورکیشی هه‌یه، له جۆره گۆرانییانه‌دا حه‌سه‌ن زیره‌ک هه‌ڵبه‌ستی کوردی تێکه‌ڵاو کردوون. "گویلدر" یه‌کێکه له‌و گۆرانییه خۆشانه که به زمانی ئازه‌ری گوتوویه‌تی .
زیره‌کی ده‌نگخۆش هێندێک تایبه‌تمه‌ندی دیکه‌شی هه‌بووه که ئه‌ویان له هونه‌رمه‌ندانی دیکه جیا کردووه‌ته‌وه. ڕاسته به‌شی زۆری له گۆرانییه‌کانی، گۆرانی فولکلۆرین که له پێشدا له نێو خه‌ڵکدا باو بوون، به‌ڵام زۆر گۆرانی هه‌یه که هه‌م هه‌ڵبه‌سته‌که‌ی و هه‌م ئاهه‌نگه‌که‌ی هی خۆیه‌تی، واته ئه‌گه‌ر چی نه‌خوێنده‌وار بووه توانیوه‌یتی ده‌موده‌ست هه‌به‌ڵستی زۆر جوان بهۆنێته‌وه و مه‌به‌سته‌کانی دڵی خۆی پێده‌رببڕێ و هه‌روه‌ها ئاهه‌نگیشیان بۆ دابنێ .
دیاره زیره‌ک له هه‌ڵبه‌ستی شاعیرانیش که‌ڵکی وه‌رگرتووه، نالی، وه‌فایی، سه‌ید کامیل، کوردی، هه‌ردی ، هێمن و پیره‌مێرد له‌و شاعیرانه‌ن که زیره‌ک هه‌ڵبه‌سته‌کانی کردوون به گۆرانی. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌خوێنده‌وار بووه، زۆر جار پیت یان وشه‌یه‌کی له بیر نه‌ماوه، ده‌ستکاری هه‌ڵبه‌سته‌کانی کردووه، به‌و حاڵه‌ش که هه‌ڵبه‌ستێکی کردووه به گۆرانی، ڕۆحی وه‌به‌ر ناوه، مرۆڤ که هه‌ڵبه‌ستێک به نووسراوه ده‌بینێ، پاشان به ده‌نگێکی خۆش وه‌ک گۆرانی ده‌یبیستێ، تام و جێژێکی تایبه‌تی لێ وه‌رده‌گرێ. هه‌ڵبه‌ستی "شه‌و"ی سه‌ید کامیل به‌ڵگه‌یه‌کی باشه بۆ ئه‌م قسه‌یه .
کورد‌و حسن زیرک