تازیهبارانی بهیهل
نووسینی؛ غوڵامحوسێن ساعیدی
وهرگێڕانی؛ ئهمین گهردیگلانی
ئهم کتێبه له ساڵی 2011 دا لهلایهن دهزگای چاپ و پهخشی موکریانییهوه بڵاو کراوهتهوه
لەگەڵ هاتنە دەرەوەی كوێخا لە ماڵەكەی،
پاپاخ، سەگی ئەرباب لە سەر دیواری باخەكەوە دەستی كرد بە وەڕین و بازی دا
كۆڵانەكەوە. سەگەكانی دیكەش كە لە سەربانە نەوییەكانی بەیەل وەركەوتبوون، ملیان
هەڵێنا و نووزاندیان، چاویان بە كوێخا كەوت كە لەبەر تریفەی مانگەشەو بە قەڵافەتە درێژداهۆڵەكەیەوە هەنگاو
دەنێ؛ دوای تاوێ سەریان كردەوە سەر دەستیان و خەویان لێ كەوتەوە.
كوێخا ڕاوەستا و گوێی شل كرد، لە
دەرەوەی ئاوایی زڕەی زەنگوڵە دەهات. دەنگێكی نەرم و لەرزۆك دوور دەكەوتەوە و نزیك
دەبۆوە و بە دەوری ئاواییدا دەسووڕایەوە. پەنجەرەكان هەموو تاریك داگەڕابوون. دانیشتووانی
بەیەل لە خەودا بوون و ئەوانەی كە خەویشیان لێ نەكەوتبوو بە تاریكی دانیشتبوون و
چاویان لە مانگەشەو دەكرد.
پاپاخ هات لە بەردەمی كوێخا ڕاوەستا
و دەستی كرد بە كلكەسووتێ، كوێخا ڕاوەستابوو و گوێی هەڵخستبوو، زڕەی زەنگوڵەكە
دوور دەكەوتەوە. كوێخا هات بۆ لای هەسێڵەكە و پاپاخیش بە دوایدا. كاتێك گەیشتنە لای
هەسێڵەكە، پەنجەرەیەكی چكۆلە كرایەوە و پیاوێك سەری كێشا دەرێ.
سەری كابرا لە تاریكیدا جووڵایەوە و
گوتی: «كوێخا، بەو نیوەشەوە بۆ كوێ دەچی؟»
كوێخا ڕاوەستا، پاپاخیش ڕاوەستا.
هەردووكیان چاویان لە سەری كابرا بڕی.
كوێخا گوتی: «دایكی ڕەمەزان هیلاكە،
دەیبەم بۆ شار.»
پەنجەرەیەكی دیكە كرایەوە. سەری پیاوێكی
دیكە هاتە دەرێ و گوتی: «لای ئێوارە خۆ نەخۆش نەبوو، وا نییە؟»
كوێخا گوتی: «لای ئێوارێ حاڵی باش
بوو،بەڵام ئێستا زۆر نەخۆشە. ئێستا زۆر هیلاكە. بەڕاستی ئەو پیرێژنە بمرێ چبكەم؟
ها، ئیسلام، بمرێ قوڕی كوێ بە سەرما كەم؟ ئەو كوڕە چی لێ بكەم؟»
ئیسلام گوتی: «ئێستا حاڵی چۆنە؟»
كوێخا گوتی: «وەرسووڕاوە، ئێستا بەرەوڕووی
قیبلە ڕاكشاوە.»
پیاوی یەكەم دانەوی و بە ئیسلامی
گوت: «دەیهەوێ بیبا بۆ شار.» پاشان ڕووی كردە كوێخا و گوتی: «باشتر نییە هەتا بەیانی
ڕاوەستی؟»
كوێخا گوتی: «دەترسم نەگاتە بەیانی.
من زیاتر خەمی ڕەمەزانمە. ئەو پیرێژنە ئیتر عومری خۆی كردووە و زایە بووە، دەترسم
ئەو كوڕە لە حەیبەتا خۆی بە كونێكەوە بنێ. چیی لێ بكەم؟ ها؟ لە ژوور سەری دانیشتووە
و هۆنهۆن دەگری، وا دەگری ژیر بوونەوەی نییە.»
ئیسلام پرسیی: «چۆنی دەبەی بۆ شار؟»
كوێخا گوتی: «بە عارەبانەكەی تۆ دەیبەمە
سەر جادەكە و لەوێ ماشین پەیدا دەكەم.»
پاپاخ كە دیتی كوێخا لە قسە گیراوە،
لە گوێ هەسێڵەكە وەركەوت و لمبۆزی نایە سەر دەستی و چاوی قووچاند. كوێخا لە ناكاو
وەرسووڕا و چاوی لە پشت سەری كرد. پاپاخیش سەی هەڵێنا و چاوی لە تاریكی بڕی.
ئیسلام گوتی: «ئەوە چییە؟»
كوێخا گوتی: «گوێت لێیە؟ زڕەی
زەنگوڵە دێ؛ وا نییە؟»
ئیسلام و پیاوەكەی یەكەم گوێیان شل
كرد، بەڵام زڕەی زەنگوڵەیان نەبیست.
لهو ناونیشانهی ژێرهوه سهرجهمي ئهو كتێبه داگره:
tazyabarani_bayal.pdf - 1.1 Mb